وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و رووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و، بۆردوومانكردنی بنكەی سەربازیی شوعێرات نێوەڕۆکی قسەكانیان بوو.
بە پێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت.ع.ابنا: سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گوتووە، هێرشەکەی رۆژی هەینی ئەمریکا بۆ سەر بنکەی سەربازی شوعێرات تەنها خزمەت بە گرووپە "تیرۆریستییەکان"دەکات.
لاڤرۆڤ نیگەرانی لەبەرامبەر هێرشەکە دەربڕیوە و بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکای گوتووە: ئەم رووداوە هەڕەشەی زیاتر لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستدەکات.
وەزیری دەرەوەی رووسیا داوای لێکۆڵینەوەیەکی فراوانتری لەسەر هێرشە کیمیاییەکەی رۆژی هەینی لە ئەمریکا کردووە و، رەتیشی کردووەتەوە حکومەتی سووریا ئەم هێرشەی ئەنجامدابێت.
وەكو وڵامدانەوەی تاوانی بۆردوومانكردنی شارۆچكەی خان شەیخوونی سووریا بە گازیی كیمیایی لەلایەن هێزەكانی سووریاوە، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 كەس و برینداربوونی نزیكەی 500 كەسی دیكە، ئەمریكا هێرشیكردە سەر بنكەیەكی سەربازیی سووریا.
کاژێر 03:45 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 7-4-2017، کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە دەریای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست 59 مووشەکیان ئاراستەی بنکەی سەربازیی شوعێرات کرد، لە ئەنجامدا 6 ئەفسەری سەربازی حکومەتی سووریا کوژران و بەلایەنی كەمیشەوە 20 فڕۆکەی جەنگی حکومەتی سووریش تێكشان.